دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاپۆرتی ژمارە 14ی خۆیدا، ئاماری نوێترین چالاکییە مرۆییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستانی بڵاوکردەوە کە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 18/2/2026 تۆمارکراون.
بەپێی ئامارەکان، دەزگاکە لە ڕێگەی 424 بارهەڵگرەوە کۆمەک و هاوکاریی گەیاندووەتە شارەکانی قامیشلۆ، دێرک، حەسەکە، گڕکێ لەگێ، تربەسپی، عامودا و دەرباسیە.
کەرتی خۆراک و نان:
لە کەرتی دابینکردنی خۆراکدا، 109,412 ژەمە خۆراکی گەرم بەسەر قوتابخانە، مزگەوت و گوندەکاندا دابەش کراوە. هەروەها لە پڕۆسەی دابەشکردنی ناندا، 22,298 خێزان سوودمەند بوون و 250,012 نان لە ڕێگەی 5 فڕنەوە ئامادە و دابەش کراوە.
هاوکارییە هەمەجۆرەکان و سووتەمەنی:
سەبارەت بە هاوکارییە جۆراوجۆرەکانی دیکە، 31,884 خێزان هاوکارییان پێ گەیشتووە، کە لە نێویاندا 2,966 خێزانیان ئاوارەکانی عەفرین بوون.
لە کەرتی سووتەمەنیشدا، 370,245 لیتر مازووت بۆ 9,682 خێزان و چەندین ناوەندی فێرکاری و ئایینی دابین کراوە.
تیمی پزیشکی و هەلی کار:
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، تیمە پزیشکییەکان خزمەتگوزارییان پێشکەشی 8,707 کەس کردووە کە 100 کەسیان لە ناو قوتابخانەکان بوون. هاوکات لە پێناو پاڵپشتیی دارایی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، 1,562 هەلی کاری ڕۆژانە دابین کراوە.
ئەم هەوڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیاندایە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.