Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 21:04

خامەنەیی: مەترسیدارتر لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا ئەو چەکەیە کە دەتوانێ ئەم کەشتییە ڕەوانەی بنی دەریا بکات

کوردستان TV
100%

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زیاتر بۆ ناوچەکە ڕایگەیاند ڕاستە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا ئامرازێکی مەترسیدارە بەڵام لەو کەشتییە مەترسیدارتر، ئەو چەکەیە کە دەتوانێ ئەم فرۆکەهەڵگرە ڕەوانەی بنی دەریا بکات.

ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ڕەخنەی توندی لە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و بە تایبەت دۆناڵد ترەمپ گرت و جەختی لەسەر بەهێزیی پێگەی ئێران کردەوە.

خامەنەیی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام شانازی بەوەوە دەکات کە سوپاکەیان بەهێزترین سوپای جیهانە، بەڵام وتی: "بەهێزترین سوپای جیهانیش بێت، هەندێک جار زللـەیەکی وای لێ دەدرێت کە چیتر ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە."

سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەکە، ڕێبەری ئێران ڕایگەیاند: "دەڵێن کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جەنگیمان بەرەو ئێران ناردووە؛ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ئامرازێکی مەترسیدارە، بەڵام مەترسیدارتر لەو کەشتییە، ئەو چەکەیە کە دەتوانێت ئەو کەشتییە ڕەوانەی بنی دەریا بکات."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، خامەنەیی ئاماژەی بە لێدوانێکی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی: "سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە ماوەی ٤٧ ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی لەناو ببات. ئەمە دانپێدانانێکی باشە، منیش دەڵێم: تۆش ناتوانی ئەو کارە بکەیت."

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.