Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 00:16

پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان داوای ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

کوردستان TV
100%

کۆمەڵێک لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بۆ ڕای گشتی، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا و هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سەر نەتەوەی کورد ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کراوە، پارتە تورکمانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە بە وردی و نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەو بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە و داوایان لە هەموو لایەنە ناکۆکەکانی ناو سووریا کردووە دان بە خۆدا بگرن و ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگرنە بەر، بە جۆرێک کە مافی ئازادیی تەواوی پێکهاتەکان پارێزراو بێت.

لایەنە تورکمانییەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان لە حکوومەتی داهاتوو و ڕاگوزەری سووریادا دەربڕیوە. هەروەها پێشنیاریان کردووە کە سووریا سوود لە "ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان" وەربگرێت لە چۆنیەتی دابینکردنی مافە کلتووری و زمانییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، گوشاری جددی بخەنە سەر حکوومەتی سووریا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر پێکهاتەی کورد لەو وڵاتە. هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە لە دەستووری نوێی سووریادا، مافی کورد و تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە فەرمی بچەسپێنرێت.

ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ئەم پارتانەی خوارەوە واژۆ کراوە:

١. پارتی گەشەپێدانی تورکمان

٢. پارتی دیموکراتی تورکمان

٣. پارتی گەزەنگی تورکمان - کەرکووک

٤. پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمان

٥. پارتی یەکگرتووی تورکمان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.