پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، وەک بەشێک لە هەڵمەتی فراوانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان، پڕۆژەی ستراتیژیی رێگای هەولێر- گۆمەسپان پاش سێ مانگ کارکردنی چڕ و بەردەوام، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و قۆناغی قیرتاوکردنی تەواو بوو.
ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: پڕۆژی ستراتیژی رێگای هەولێر- گۆمەسپان رێگە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ یەکێک لە جەنجاڵترین ڕێگەکانی هەرێم دەکات. پێشتر ئەم ناوچەیە بەهۆی یەک سایدبوونی ڕێگەکە و لێکجیابوونەوەی ئاراستەکانی (کۆیە، هەولێر، شەقڵاوە و گۆمەسپان)، پەستانێکی زۆری هاتوچۆی لەسەر بوو، بەتایبەت لە وەرزە گەشتیارییەکاندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پڕۆژەکە لە بەرزەپرد، تونێل و 4 پردی سەرەکی، یەک ئەندەرپاس و 40 ئاوبەری سندووقی پێکهاتووە هەروەها بە دەستی ٪100ـی ناوخۆیی و کۆمپانیا خۆماڵییەکان جێبەجێ کراوە، کە تێیدا 2000 کارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر بەشدار بوون هەروەها بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و پڕۆژەی گۆمەسپان-سماقووڵی، ڕێگەی نێوان هەولێر تا سماقووڵی بە درێژی 38 کیلۆمەتر دەبێتە دووساید.
پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا کارەکانی شۆردنی ڕێگەکە و هێڵکاری و دانانی هێماکانی هاتووچۆ دەستی پێکردووە. بڕیارە لەگەڵ تەواوبوونی دەروازە نوێیەکەی هەولێر لە کەسنەزان، ئەم شاکارە ئەندازەییە بە فەرمی بخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییانەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بوژانەوەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.