Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 06:51

مەزڵووم عەبدی: ڕێککەوتین لەسەر گواستنەوەی بریندار و شەڕڤانانمان لە حەلەبەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

کوردستان TV
100%

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، دوای نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و گواستنەوەی شەڕڤانان و هاووڵاتییان بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای هەوڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرش و پێشێلکارییەکان، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی تەقە.

مەزڵووم عەبدی ڕوونی کردووەتەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە زامنکردنی چوونەدەرەوەی تەرمی شەهیدان، برینداران، مەدەنییە گەمارۆدراوەکان و شەڕڤانان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە بەرەو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مسۆگەر دەکرێت.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوای لە لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە کە پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و کارکردن بۆ گەڕانەوەیەکی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە داهاتوودا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەزڵووم عەبدی ستایشی بەرگریی شەڕڤانان و خۆڕاگریی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکەی حەلەبی کردووە و وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان، هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.