پۆلیسی گانا دەستگیركردنی ئیبۆ نووحی راگەیاند، ئەو گەنجەی كە دەیگوت پێغەمبەرە و لەلایەن خوداوە پەیامی بۆ هاتووە كە بەمزووانە تۆفان و لافاوی پێغەمبەر نووح دووبارە دەبێتەوە، ئەگەر تۆمەتەكانی لەسەر ساخ ببێتەوە رەنگە بە 25 ساڵ زیندانی سزا بدرێت.
پۆلیسی گانا وێنەی دەستگیركردنی ئیبۆ نووحی بە كەلەپچەوە بڵاو كردەوە و رایگەیاند، بە تۆمەتی تێكدانی ئادابی گشتی، ئیدیعای پێغەمبەرایەتی، ساختەكاری و فێڵكردن، كۆكردنەوەی پارە بەڕێگەی ناڕەوا و جێهێشتنی كاریگەری خراپ لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی دەستگیر كراوە.
پۆلیسی گانا دەڵێت "لێكۆڵینەوەكانیان لەگەڵ ئیبۆ نووح كە ناوی دروستی خۆی (ئیڤانز ئیشۆن)ـە، دەستپێكردووە".
ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەگەر تۆمەتەكان لەسەر ئیبۆ نووح ساخ ببێتەوە، رەنگە سزای 25 ساڵ زیندانی و پێبژاردنی بە بڕی 3.5 ملیۆن سیدی گانی بەسەردا بسەپێنرێت.
ئیبۆ نووح پێشتریش چەند جارێكی دیكە لەلایەن پۆلیسی گانا بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵ و دەنگۆی ناڕاست و چەواشەكاری دەستگیركرابوو، بەڵام ئازاد كرابوو.
ئیبۆ نووح گەنجێكی تەمەن 30 ساڵەی خەڵكی گانایە و لە ماوەی رابردوودا لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەیگوت كە لەلایەن خوداوە پەیامی بۆ هاتووە كە ماوەی 3 ساڵی دیكە باران دەبارێت و بارانبارینەكەش لە 25/12/2025 دەست پێ دەكات.
ئیبۆ نووح هەروەها دەیگوت "خودای گەورە داوای لێ كردووم كاری پێغەمبەر نووح لە دروستكردنی كەشتی گەورە دووبارە بكەمەوە بۆ ئەوەی خەڵك و گیانلەبەران لە تۆفان و لافاو و لەناوچوون رزگار بكەم".
ئیبۆ نووح پەیامەكانی زیاتر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تیكتۆك، ئینستگرام و یوتووب) بڵاو دەكردەوە و بەهۆیەوە هەزاران هەواداری لە سەتاسەری جیهان بۆ خۆی پەیدا كردبوو.
لە بەشێك لە ڤیدیۆكان دەردەكەوت كە ئیبۆ و دەیان هاوەڵی دیكەی خەریكی دروستكردنی كەشتی گەورەن، ئاماژەی بەوە دەكرد كە لە رێگەی ئەو كەشتییانەوە دەتوانێت 600 ملیۆن كەس لە جیهاندا رزگار بكات.
هەرچەندە پەیام و ڤیدیۆكانی ئیبۆ نووح جێگەی گومان و پرسیاری زۆر بوون، بەڵام هەزاران هەواداری لە سەرتاسەری جیهان پەیداكردبوو و تەنانەت بەشێكیان ئەوەندە بڕوایان بە قسەكانی هەبوو خانوو و ماڵیان بۆی فرۆشتبوو و سەروەت و سامانەكەیان خستبووە بەردەستی تا لە كاتی دروستبوونی تۆفان و لافاوەكەدا رزگاریان بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.