وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە رۆژانی رابردوو نزیكەی 500 پارچە ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا دزراون، ئاماژە بەوەش دەكات كە لایەنە پەیوەندارەكان لە دزینەكە ئاگاداركراونەتەوە.
وەزارەتی كارەبا ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: لەنێوان هەردوو شارەدێی ئاغجەلەر و ئاشتی، 450 تا 500 پارچە ئاسنی تاوەرەکانی هێڵی (133KV)ی بازیان و ڕانیەیان لێکردووەتەوە و دزیون.
بڵاویشی كردۆتەوە: ئێستا تیمەکانی کارەبای سلێمانی دەستیان بە دانانی ئاسنی نوێ (ئەنگل لاین) بۆ تاوەرەکان کردووە.
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا كە: لایەنی پەیوەندیدار لە لێکردنەوە و بردنی ئەو پارچە ئاسنانە ئاگادار کراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو هێرشكرایە سەر وێستگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك ناردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا وەستێنرا و پێدانی وزەی كارەبا لە زۆربەی شارەكان بەڕێژەیەكی زۆر كەمكرانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.