ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2025، لە درێژەی سەردانەكەی بۆ شاری دهۆك، سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی ناوشاری دهۆكی كرد.
لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی پاركی (سەرهەڵدان)ـی شاری دهۆك بەسەر كردەوە و خۆشحاڵیی خۆی بەوە دەربڕی كە توانراوە لەناو یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری دهۆك پاركێكی تازە بە شێوازێكی سەردەمیانە كراوەتەوە و هیوای ئەوەی خواست كە دهۆك و شارەكانی تری كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، سەرۆك بارزانی چایخانەی شەهیدانی ناو بازاڕی شاری دهۆكی بەسەر كردەوە كە تابلۆی وێنەی هەزار شەهیدی شەڕی داعش و شەهیدانی شۆڕشەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و كەلوپەلی كۆن و دێرینی كوردەواری لێ دانراوە.
سەرۆك بارزانی وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەو هەوڵە نیشتمانی و كوردپەروەرانە و وەفایان بۆ خوێنی شەهیدان، بەڵێنی ئەوەی بە خاوەنانی چایخانە دا كە هاوكاریان بێت بۆ فراوانتركردنی چایخانەكە وەك شوێنێكی كولتوری و گرنگی ناو شاری دهۆك.
هەروەها لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ هاووڵاتییان هەبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.