سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ کۆچی دوایی حەمەی عەزیز، کادیری دیار و پێشمەرگەی دێرینی پارتی، ڕایگەیاند، خوالێخۆشبوو ساڵانێکی درێژی تەمەنی بە پاکی و دڵسۆزانە، بە تێکۆشان و خزمەتکردنی دۆزی گەل و وڵاتەکەی بەسەر بردووە.
ئەمڕۆ هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو حەمەی عەزیز کرد.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرەخۆشیی قووڵم پێشکەش بە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو حەمەی عەزیز، کادیری دیار و پێشمەرگەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. هاوسۆز و هاوخەمیانم، لە خوای مەزن داواکارم گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت".
هەروەها ئاماژەی بە خەباتی خوالێخۆشبوو کردووە و دەڵێت: "خوالێخۆشبوو کاکە حەمەی عەزیز، بە پاکی و دڵسۆزانە، ساڵانێکی درێژی تەمەنی بە تێکۆشان و پێشمەرگایەتی و خەباتی ڕێکخستن و خزمەت بە دۆزی گەل و وڵاتەکەی بەسەر برد و لەو پێناوەدا ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆری کێشا. گیانی شاد و یادی بە خێر".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.