وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند لە زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان کەسێک کوژرا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند: لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان و دامەزراوە مەدەنییەکانی ئەم وڵاتە کەسێک کوژرا و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ژێرخانی حیزبوڵڵا و ڕێکخراوێکیان بۆردومان کردووە کە گرووپە شیعەکان وەک پەردەپۆشێک بەکاریان هێناوە بۆ بنیاتنانەوەی پێگەکانیان.
جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان، هێرشەکانی سەر دامەزراوە مەدەنییەکانی ئیدانە کرد و گوتی "دەستدرێژییە دووبارەبووەکانی ئیسرائیل لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سیستماتیکدایە بە ئامانجی وێرانکردنی ژێرخانی بەرهەمهێنان و ڕێگرتن لە بووژاندنەوەی ئابووری و بە ئامانجگرتنی سەقامگیریی نیشتمانی بە بیانووی ئەمنیی ساختە''.
سەرەڕای ئاگربەست کە چەند مانگێکە جێبەجێ کراوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکان و دەڵێت پێکهاتەکانی حیزبوڵڵا و پێکهاتە سەربازییەکان بەتایبەتی لە باشووریی لوبنان بەئامانج دەگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.