وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی كێشەكانی بانكی بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) و دواكەوتنی مووچەی خەڵكی سلێمانی بڵاو دەكاتەوە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوەكەدا رایدەگەیەنێت: نیگەرانین لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (TBI).
هەروەها رایدەگەیەنێت: ئەم مانگە نزیکەی 24,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لە ڕێگەی TBI وەردەگرن، لەنێوان 1 تاکو 3ـی ئەیلوول، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو.
وەزارەتی دارایی راشدەگەیەنێت: داوا لە بانکی TBI دەکەین وەک تاکە بانکی حکوومی پڕۆژەکە، ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی.
ئاماژە بەوەش دەكات: بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی TBI و ستافەکەی دەکات زیاتر لە کاتی ئاسایی دەوامەکانیان کار بکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاووڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات، هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لەژێرخانەکەی تاکو ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە.
جەختیش دەكاتەوە: وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی هەژماری من پێشکەشی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.