Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 17:39

ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر گەورەترین تۆڕی فرۆشتنی نەوتی ئێڕان

کوردستان TV
100%

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە گەورەترین پەکێجی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لە پاش ساڵی 2018وە، گەمارۆی ئابووریی خستە سەر گەورەترین تۆڕی فرۆشتنی نەوتی ئێران.

ڕۆژی پێنجشەممە 31ی تەمووزی 2025، ئۆفیسی کۆنترۆڵی داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند  گەمارۆی خستووەتە سەر گەورەترین تۆڕی فرۆشتنی نەوتی ئێران کە لە پازدە کۆمپانیای کەشتیڤانی، 50 کەشتیی نەوتهەڵگر، 12 کەسایەتی و 53 دامەزراوە لە 17 وڵاتی جیهان پێکهاتووە و بە پێچەوانەی گەمارۆکانی ئەمریکا، نەوتی ئێران و ڕووسیایان فرۆشتووە و لەم ڕێگایەوە دەیان ملیار دۆلاریان داهات بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەست هێناوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، حسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دەسەڵاتی باوکی لە باڵاترین ئاستەکانی دەسەڵاتداریی ئێران کەڵکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی تۆڕێکی زۆر گەورە لە لە تانکەر و کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران پێک بهێنێت و دەیان ملیار دۆلار داهات بە دەست بێنێت.

"سکۆت بێسێنت"، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئیمپراتۆریی کەشتیڤانیی بنەماڵەی شەمخانی، پێشاندەری ئەوەیە کە چۆن کەسانی سەر بە ڕژێمی ئێران لە پێگەی سیاسیی خۆیان بۆ کۆ کردنەوەی سامان و دابینکردنی پارە بۆ کردەوە مەترسیدارەکانی ئەو ڕژێمە کەڵک وەردەگرن".

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا گوتیشی ئەو پەکێجە نوێیە کە زیاتر لە 115 گەمارۆ لەخۆ دەگرێت، گەورەترین پەکێجی گەمارۆکانی سەر ئێران لە پاش ساڵی 2018وەیە کە دۆناڵد ترامپ دەستپێکردنی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند.

هاوکات لەگەڵ گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەش ڕایگەیاند 20 دامەزراوە و 10 کەشتیی نەوتهەڵگری دیکەی خستووەتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانە.

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند "ئامانج لەم گەمارۆیانە، تێکدانی تواناییەکانی ئێران بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بە مەبەستی پەرەپێدانی چالاکیی تێکدەرانە و بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان و سەرکوتی خەڵکی ئێرانە".

جەختیشی کردەوە "هەر وڵاتێک نەوت یا بەرهەمی پێترۆکیمیای ئێران بکڕێت، لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی دەخرێتە سەر و ناتوانێ بازرگانی و پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.