ئەمریکا جارێکی تر چەکی ئەتۆمی لە بنکەیەکی سەربازی لە بەریتانیا جێگیر دەکات، لە ساڵی 2008ـەوە ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا ئەم هەنگاوە بنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەمووز، ڕۆژنامەی (تایمز)ی ئینگلیزی بڵاوی کردەوە کە فڕۆکەیەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکی لە بنکەیەکی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی لە ئەمریکاوە گەیشتە بەریتانیا و لە بنکەی (لەیکنهیس) نیشتووەتەوە، شارەزایان دەڵێن ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە چەکی ئەتۆمی هێناوە و لەوێ جێگیری کردووە.
دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کرێملن هاتە دەنگ و گوتی "ئەم کارەی ئەمریکا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و گرژییەکان زیاد دەکات."
هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و بەریتانیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و هیچ وەڵامێکیان نییە، تەنیا دەڵێن "ئێمە قسە لەسەر شوێنی چەکی ئەتۆمی ناکەین".
ئەمریکا لە ساڵی 2008ــەوە چەکە ئەتۆمییەکانی لە بەریتانیا کشاندبووەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ڕووسیا جارێکی دیکە چەک ئەتۆمی لە بەریتانیا جێگیر دەکات.
پێشتر ئەمریکا لە ساڵی 2006 بە فەرمی کشاندنەوەی چەکی ئەتۆمی تایبەت بەخۆی لە بەریتانیا راگەیاند.
ئەم کشانەوەیە تەنها چەکەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکای گرتەوە، بەریتانیا وەک هێزێکی ئەتۆمی سەربەخۆ سیستەمی چەکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی هەیە کە بە (ترایدنت) ناسراوە و لە ڕێگەی ژێردەریاییەکانەوە کاردەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.