Erbil 31°C شەممە 15 ئاب 00:19

وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومڕە لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا

کوردستان TV
100%

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومڕەی بۆ وەرزی 2025-2026 راگەیاند و دەڵێت، گەشتە زەمینییەکان لە 16ـیتەمووز و گەشتە ئاسمانییەکان لە 18ـی تەمووزەوە دەستپێدەکەنەوە. هاوکات داوا لە کۆمپانیاکان دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان سەردانیان بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تەمووز، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رێنماییەکانی وەرزی نوێی عومڕەی (2025-2026) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای پەسندکردنی پرۆژەیەک لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە، رێکارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان گیراونەتەبەر.
لە راگەیێندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە و کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆشی عومڕە کراوە کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، رۆژی سێشەممە، 15ـی تەمووز 2025، سەردانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە بکەن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ.
دوای تەواوکردنی رێکارەکان، کۆمپانیاکان دەتوانن لە رۆژی چوارشەممە، 16ـی تەمووز 2025، گەشتی وشکانی و لە رۆژی هەینی، 18ـی تەمووز 2025، گەشتی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستپێبکەنەوە.
بەرێوەبەرایەتییەکە جەختدەکاتەوە کە کۆمپانیاکان پێویستە تەواوی پێداویستییەکانی گرێبەست لەگەڵ خۆیان بهێنن، چونکە بەبێ تەواوبوونی پێداویستییەکان، هیچ گرێبەستێک ئەنجام نادرێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، تەنیا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە گەشت بکەن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و داوای بینینی مۆڵەتەکەیان لێ بکەن، کە بە شێوەی تابلۆی هەڵواسراو بە کۆمپانیاکان دەدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.