Erbil 31°C ھەینی 14 ئاب 19:18

زیاتر لە دوو هەزار کەس و 600 ئامێر لە رێگەی هەولێر - گۆمەسپان کار دەکەن

کوردستان TV
100%

بەڕیوەبەری پرۆژەکانی رێگاوبانی هێمن گرووپ دەڵێت، دوو هەزار کەس لە دوو سایدی کەسنەزان – گۆمەسپان کار دەکەن و 99٪ـیان کوردن و دەشڵێت، تا کۆتایی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە رادەست دەکەنەوە.

ئەمڕۆ  یەکشەممە 13ـی تەمووز، ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پرۆژەکانی رێگاوبان لە کۆمپانیای هێمن گرووپ، بە دیجیتاڵ میدیای کورستان تیڤی ڕاگەیاند: "پرۆژەی دووسایدی هەولێر - دەربەندی گۆمەسپان دەستی پێ کردووە و لە کۆتایی ساڵی 2026 رادەست دەکرێتەوە".

ئەمیرعەبدولخالق دەڵێت، درێژی شەقامەکە 15 کیلۆمەترە، لە کۆتایی شەقامی کەسنەزان دەست پێ دەکات و لە دەربەندی گۆمەسپان کۆتایی دێت.

بەڕێوەبەری پرۆژەکانی رێگاوبان لە کۆمپانیای هێمن گرووپ لەبارەی تایبەتمەندییەکانی دووسایدەکە گوتی، پانی هەر سایدێک 10 مەتر و 75 سانتیمە و دوو رێرەوی سەرەکی و رێرەوێکی فریا گوزاری دەبێت.

بە گوتەی ئەمیر عەبدولخالق، لە درێژەی دووسایدەکەدا چوار پرد و یەک ئەندەرپاسی تێدەکەوێت و  40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژ و جۆراوجۆر و پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆشی دەبێت.

بەڕێوەبەری پرۆژەکانی هێمن گرووپ دەڵیت، لەم پرۆژەیەدا دوو هەزار کارمەد و 600 ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن و 99٪ـی پشتی بە هێزی کاری ناوخۆیی بەستووە.

ئەمیر عەبدولخالق سەبارەت بە رێگای کۆنی هەولیر - دەربەندی گۆمەسپان دەڵێت؛ ئێستا ئەو رێگایە کراوەیە و داناخرێت تا یەکێک لە سایدەکانی شەقامە تازەکە کۆتایی دێت، دواتر رێگای کۆن دادەخەین و تا وادەی کۆتایی پرۆژەکە شۆفێران دەتوانن هەمان ساید بەکار بهێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.