وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیی جووتیاران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی لەلایەن بەغداوە وەرنەگیراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، پڕۆسەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت و نرخی هەر تۆنێک گەنم تاوەکو 550 هەزار دینار دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی تەممووز، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر کۆنووسی پێشنیازکراوی لیژنەی باڵای تایبەت بە ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بڕیاری دا ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران کە ماوەتەوە، وەربگیرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی وەرگرتنی گەنمەکە بەم شێوەیە دیاری کراوە:
• گەنمی پلە یەک: بۆ هەر تۆنێک 550 هەزار دینار.
• گەنمی پلە دوو: بۆ هەر تۆنێک 525 هەزار دینار.
مەرجی وەرگرتنی گەنمەکە ئەوەیە کە بەپێی ستانداردی عێراقی بێت. هەروەها پێویستە جووتیار پشتگیریی بنکەی کشتوکاڵی پێ بێت کە بڕی گەنمی وەرگیراو و وەرنەگیراوی لە سایلۆکانی حکوومەتی فیدراڵی تێدا تۆمار کرابێت.
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە رۆژی 15ـی تەممووزی 2025 دەست پێ دەکات و ماوەی یەک مانگ دەخایەنێت. هەروەها شایستە داراییەکانی جووتیاران لە ماوەی دوو مانگدا لەدوای رادەستکردنی گەنمەکەیان خەرج دەکرێت.
وەزارەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆسەیە لەلایەن "پڕۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران" و لەڕێگەی هەردوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتی (خۆشناو و قەیوان) لە سایلۆکانیان جێبەجێ دەکرێت، بە چاودێری و هەماهەنگیی لیژنەی باڵای حکوومەت.
لە راگەێینراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران دێت، دوای ئەوەی لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمدا، بەغدا تەنیا 400 هەزار تۆنی وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کردبوو، کە بووە هۆی مانەوەی بڕێکی زۆری بەرهەمی جووتیاران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.