Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 09:32

گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دواخرا

کوردستان TV
100%

شەوی رابردوو وەزیری دەرەوەی عومان بە میدیاکانی راگەیاند؛ بە چەند هۆکارێکی لۆجەستی و هونەری گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران لە رۆژی دووشەممەی داهاتوودا بەڕێوەناچێت و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت؛ "ئێمە هەرگیز گفتوگۆمان لەبارەی یەکلاییبوونەوەی کات و شوێنی دانوستانەکە لەگەڵ ئێران نەکردووە".

 

رۆژی هەینی 2ـی ئایاری 2025 تۆمی برووس، گوتەبێژی وەزرەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کات و شوێنی گەڕی چوارەمی دانوستانی ئەتۆمی ئێران و ئەمەریکا گوتی؛ ئێمە هەرگیز بڕیاری یەکلاییکەرەوەمان لەبارەی کات و شوێنی دانیشتنەکە نەداوە.

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی؛ "بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە نوێنەری ئەمەریکا بۆ دانوستانەکەم وەرگرتووە، دیدارەکە ئەنجام دەدرێت و هەرکات وردەکارییەکان گەیشتنە دەستم، میدیاکانی لێ ئاگادار دەکەمەوە".

 

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عومان و وەزیری دەرەوەی ئێران رایانگەیاندبوو کە گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران رۆژی دووشەممە 5ـی ئایار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.

 

ئەمەریکا و ئێران تاوەکوو ئێستا سێ جار بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کۆبوونەتەوە کە دوو لە کۆبوونەوەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان و کۆبوونەوەیەکیش لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بووە.

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە، ئامانجی لەو دانوستانانە ئەوەی رێگە نەدات ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات و هەرەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر ئێران رێککەوتنیان لەگەڵ نەکات، بژاری سەربازی بەکاردەهێنن و دەشڵێت؛ "بۆردومان دەکرێن، بە جۆرێک کە هەرگیز بۆردومانی ئاوا رووی نەدابێت".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.