Erbil 31°C شەممە 25 تەمووز 02:42

ھیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە ھەولێر دەستنیشان نەکراوە

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ی نیسانی 2025 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌ : تا ئێستا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھیچ حاڵەتێکی تای خوێنبه‌ربوون دەستنیشان نەکراوە، گومانلێکراوێک ھەبوو بەڵام دوای ئه‌نجامدانی پشکنین بۆی دەرچوو کە تای خوێنبەربوون نییە و نەخۆشییەکی دیکەیە، بۆیە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی دەستینیشانکردنمان نییه‌.

ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە چەند شارێکی عێراق دەستنیشانکراوە و تا ئێستا پێنج کەس بەهۆیەوە گیانییان لەدەستداوە، لە ھەرێمی كوردستانیش ھەرچەندە ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەستی پێکردووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دروست بووە و بەڕێوەری گشتی تەندروستی ھەولێریش ڕایدەگەیەنێت کە ھیچ تووشبوویەک لە ھەولێر دەستنیشان نەکراوە و جەختیش لەوەش دەکاتەوە کە بە توندی کار لەسەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەکەن.

ئاژانسی هه‌واڵی (ئه‌نادۆڵ)ی توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر رایگه‌یاندووه‌: تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، بە درێژایی ساڵ لە عێراق حاڵەت ھەبووە و تۆمار کراوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان و بە دیارییکراویش لە ھەولێر، زۆربەی ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە چەند مانگێک گومان یان حاڵەت ھەبووە، بە تایبەتیش لە مانگەکانی نیسان تا ئاب حاڵەتەکان بە دیار كه‌وتوون و دواتر نەماون.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "ئەم پەتایە کە له‌ ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ھەندێکجاریش لە مرۆڤ بۆ مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام گوازراوە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە ئاژەڵ بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە بە تایبەت لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت بەشێوەیەکی نا تەندروست، چونکە ئەو گەنەیەی لەسەر ئاژەڵ ھەیە، پێویستە ڕشاندنی بۆ بکرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر راشیگه‌یاندووه‌ : ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نیە بەڵکو ئەرکی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و پارێزگاکانە بۆ ئەوەی کارەکان چڕتر بکرێتەوە بە تایبەت لە چێشتخانەکاندا.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئاشكراشی كردووه‌ : "وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر، ڕێکارەکانمان گرتووەتەبەر و لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە بۆ ئەم بابەتە، هەروەها ئامادەکاری کراوە و لە تاقیگەی گشتی پشکنینمان هەیە و پزیشکەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە لەم ماوەیەدا زیاتر سەرنج بخەنە سەر نیشانەکانی ئەم پەتایە، چونکە لەیەکچووهەیە لە نیشانەکاندا لەگەڵ هەندێک نەخۆشی دیکە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت دا دەکەن، دەبێت زیاتر ئاگاداری ڕێککارەکانی خۆپارێزی بن.

دكتۆر دلۆڤان محه‌مه‌د ئاشكراشی كردووه‌: "لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا سەربڕینی ئاژەڵ زیاد دەبێت، هەرچەندە ئەوانەش ڕێکاری خۆیان هەیە، لای ئێمە بە هەموو شێوەیەک دەقەغەیە ئاژەڵ لەناو ماڵ و ناو کۆڵانەکان سەرببڕینی بۆ بکرێت، پێویستە لە شوێنی مۆڵەتپێدراو سەربڕینی ئاژەڵەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها دەبێت شوێنەکان ڕشاندنی بۆ کرابێت و ئێمەش ئەو پێشنیازانەمان کردووە کە ئەم ڕێگایانە بگیرێتەبەر.

جێی باسه‌ ، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 26 کەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پێنج کەس لەوانە گیانییان لەدەستداوە کە سێ کەسیان له‌ شاری كه‌ركوك بوونه‌.

 

 

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.