ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین باری لەناكاوی تەندروستی لە سنووری پارێزگاكەیان راگەیاند بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاكانی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ تاوتوێكردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئەنجام دا كە ماوەی چەند رۆژێكە حاڵەتەكان لە پارێزگاكانی عێراق زیادیان كردووە.
عادل سەمیدعی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دا پارێزگاكەیان بچێتە قۆناغی باری لەناكاوی تەندروستییەوە و هەروەها لیژنەیەكی تایبەتیش دروست بكرێت بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە كۆبوونەوەكەدا جەختی كردەوە كە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوونی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگاكەیان تۆمار نەكراوە، بەڵام پێویستە هەموو رێكارێكی تەندروستی بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بگیرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە وەزارەتی تەندروستی عێراق دوێنێ یەكشەممە 5 حاڵەتی نوێی تووشبوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی راگەیاند، بەمەش ژمارەی تووشبووان بەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە لە سەرتاسەری عێراق گەیشتە 19 كەس لەگەڵ دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.