دوێنێ شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەت گفتوگۆیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی تاران کرد و سەرۆکی ئەمەریکاش گفتوگۆکان بە ئەرێنی وەسف دەکات و دەشڵێت، تاوەکو نەگەینە ئەنجامێکی باش ناتوانین لەوە زیاتری لەسەر بڵێین".
چەند کاتژمێرێک دوای کۆتاییهاتنی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، دۆناڵد ترەم، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ میدیاکان قسەی کرد و گوتی؛ "دانوستانەکان باش دەڕۆنە پێشەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی ئەنجامێکی لێ نەکەوێتەوە، ناتوانین شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە بڵێین، بۆیە نامەوێ لەبارەیەوە قسە بکەم".
هاوکات ترەمپ ئەوەشی بە رۆژنامەنووسان گوت کە "دۆخەکە خراپ نییە و پێم وابێت بارودۆخی ئێران تا رادەیەک بەرەو باشی دەڕوات"، بەدەر لەو لێدوانە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا و ئێران لەلایەن بەرپرسانی تاران و واشنتن بڵاو نەکراوەتەوە.
دانوستانی ئێران و ئەمەریکا ئێوارەی رۆژی شەممە 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو و کۆشکی سپی دوای کۆتاییهاتنی لە راگەیەنراوێکدا گفتوگۆکەی بە "ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسفکرد، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە لە کۆتایی گفتوگۆکەدا لەگەڵ ستیڤ ڤیتکاف، نوێنەری ترەمپ بۆ دانوستانکردن لەگەڵ ئێران چەند خولەکێک گفتوگۆیان کردووە، بەڵام لەبارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکە تەنیا رایگەیاند کە رێککەوتوون درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
ئێران نیازێتی لە رێگەی ئەو دانوستانانە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا لەسەر وڵاتەکەی سووک بکات و کۆشکی سپیش دەیەوێ لەو رێگەیەوە گەرەنتی ئەوە بە دنیا بدات کە ئێران "نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، بەر لە دەستپێکی دانوستانەکەش دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی میدیاییدا رایگەیاند، رێگە نادەین هەرگیز ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.