شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەكات، ئەمشەو لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان باران ببارێت، هەروەها لە بەشێك لە ناوچەكانیش تەرزەی بەهێز و هەورە بروسكە دروست ببێت.
ئاراست جەبار شارەزای كەشناسی دەڵێت "حاڵەتێکی نوێی ناجێگیری کەشوهەوا دروستبووە کە خۆی لە چالاکبوونی ھەورەبروسکە و تاوەباران دەبینێتەوە، سەرەتا لە ھەولێر و کەرکووک ھەورەکان چالاک دەبن و پاشان لە کاتەکانی شەودا ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و سۆران و ھەڵەبجەش دەگرێتەوە.
دەشڵێت: ئەمشەو لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە بڕی جیاواز بارانبارین دەبێت، لە هەندێك شوێنی دیكەش ھەورەبروسکە و تەرزە و بارانی بەخوڕ دەبارێت.
هەروەها دەڵێت: کاریگەری ئەم ناجێگیرییەی كەشوهەوا لە ناوچەکانمان تا ئێوارەی سبەی پێنجشەممە بەردەوامی دەبێت.
سەبارەت بە پلەكانی گەرماش، شارەزاكەی كەشناسی گوتی: سبەی پێنجشەممە بارستە هەوایەكی سارد روو دەکاتە ناوچەکانمان و پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان 5 تا 6 پلە نزم دەبنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.