Erbil 21°C دووشەممە 07 نیسان 21:05

ترەمپ پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ناتەنیاهوو ئێرانی بە هۆکاری هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر تۆمەتبار کرد

100%

ئەمڕۆ دۆناڵد ترامپ لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لە کۆشکی سپی کۆ دەبێتەوە و بەر لە کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئێرانی بە هۆکاری هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسڕائیل ناو برد.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بە بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ گەیشتە ئەمەریکا، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بە میدیاکانی راگەیاند؛ "پەیوەندییە بازرگانییەکان و پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە غەزە و ئێران تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانمان دەبێت".

 

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛ "لە ئێستادا رووداوگەلێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن کە دەبێ کپ بکرێنەوە. ئێوە دەزانن کە ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، هەموو کارەکان کرابوون، کێشەمان لەگەڵ ئێرانیش نەبوو، لەڕاستیدا کێشەمان لەگەڵ کەس نەبوو".

 

سەرۆکی ئەمەریا دەشڵێت؛ "دواتر 7ـی ئۆکتۆبەر روویدا کە هەمووی بەهۆی ئێرانەوە بوو، هەر وەکو ئاگادارن، ئەوان پارەیان نەدەدا بە کەس، لەبەر ئەوەی هیچ پارەیەکیان نەمابوو، ئێستا پارەیەکی زۆریان هەیە و دەبینن کە چی روودەدات". پێشتر چەندین جار دۆناڵد ترەمپ هێرشی کردووەتە سەر سیاسەتەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەوەی کۆمەڵێک پارەی بلۆککراوی ئێرانی ئازاد کردووە و چاوپۆشی لە بەقاچاخ فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە کردووە.

 

لە دوو هەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی ترەمپ نامەی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران نارد و چەندین جار هەڕەشەی لەو وڵاتە کرد، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن رووی لە هەڵکشان کرد.

 

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بە گوێرەی راگەیەنراوی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون و نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران. 

 

لە وەڵامی ئەوەدا ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ و دواتریش هێرشی وشکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە.

 

 

 

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.