ئەمرۆ دووشەممە 3ی ئاداری 2025، جێگری سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، محەمەد جەواد زەریف، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە سەرکۆماری وڵاتەکەی، مەسعود پزیشکیان کرد.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە محەمەد جەواد زەریف نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە سەرکۆماری وڵاتەکەی، مەسعود پزیشکیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە بەهۆی خراپبوونی باری ئابووری، پەرلەمانی ئێران وەزیری دارایی لەکارلادا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە تا ئێستا مەسعود پزیشکیان، وەڵامی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەكەی محەمەد جەواد زەریفی نەداوەتەوە.
محەمەد جەواد زەریف لە کابینەکەی حەسەن ڕوحانی لە ساڵی ٢٠١٣ تا ساڵی ٢٠٢١ وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، ھەروەھا بە ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ دادەنرێت.
لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، محەمەد جەواد زەریف بە جێگری سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بۆ کاروباری ستراتیژی دەست نیشان کرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.