Erbil 31°C شەممە 25 تەمووز 23:50

"لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت"

کوردستان TV
100%

لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ كێشەیەكی هونەری و یاسایی نەماوە و لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت".

باسم نەغیمش ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز بە (بەغداد ئەلیەوم)ی راگەیاندووە: هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی كەمی داهاتوو دەست پێ دەكاتەوە.

راشیگەیاند: سەرجەم رێكارە هونەری و یاساییەكان تەواو بوون و ئێستا هیچ رێگرییەك لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەماوە.

هەروەها رایگەیاند: رێكارەكان بەهەمان خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچن، چەند رێكارێكی هونەری كەم لە لایەنی توركیا ماوە، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین رێكارەكان گەیشتوونەتە قۆناغەكانی كۆتایی.

لە سەرەتای ئەم مانگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، دەنگ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕالی درا، لە بڕگەی 12ی یاساكە ئاماژە بەوەدراوە كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ دەكاتەوە، هەروەها بڕی تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتیش لە هەرێمی كوردستان بە 16 دۆلار دیاری كرا.

پێشتریش حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان گوتبووی: وەزارەتەكەمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكارەكانی تەواو كردووە، هەروەها چەند رێكارێك هەیە پێویستە لەگەڵ حكوومەتی توركیا ئەنجام بدرێت بۆ ئامادەكردنی بۆڕی گواستنەوە و دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

وەزیری نەوت هەروەها گوتبووی: بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.