دادگای باڵای فیدڕالی ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو سێ یاسایە دەركرد كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر درابوو.
كەمێك پێش ئێستا جاسم محەمەد عەبوود سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕالی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ یاسای (گەڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنە ڕەسەنەكان، باری كەسی و لێبوردنی گشتی) رەتكردەوە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لەلایەن ئەندامانی دادگاكەیەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی كرابوو.
سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕالی تانەكەی رەتكردەوە و فەرمانی كرد داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ یاساكە هەڵبووەشێنێتەوە و لایەنە پەیوەندارەكانیشی راسپارد بۆ جێبەجێكردنیان.
سەبارەت بە بڕیارەكە شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: سوپاس بۆ خودای گەورە دادگای فیدرالی سکاڵای لە دژی هەرسێ پرۆژە یاساکە رەتکردەوە.
راشیگەیاند: ئیتر هیچ بەربەستێک لەبەردەم گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان نەما.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی شارەكانی کەرکووک و دووبز و پردێ و لەیلان و تازە و سەرگەڕان و داقوق و دووزخورماتوو خانەقین و مندەلی كرد .
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 21ی مانگی رابردوو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگی بە هەرسێ یاسای (گەڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنە ڕەسەنەكان، باری كەسی و لێبوردنی گشتی) دابوو، بەڵام دواتر بەشێك لە پەرلەمانتاران سكاڵایان تۆمار كرد و داوای هەڵوەشاندنەوەیان كردبوو.
لە چەند رۆژی رابردووشدا ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕالی تانەیان لە یاساكان دابوو و داوایان كردبوو هەڵبووەشنێنرێنەوە و كاریان پێ نەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.