Erbil -0°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 03:37

مه‌سرور بارزانی: چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جددی لە بەغدا دەکرێ بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت

کوردستان TV
100%


سەرۆكی حكوومەت لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس: ئامانجمان پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە.

خۆشحاڵین كە دووەمجارە بە ناوی ماڵی كوردستان بەشداریی لە داڤۆس دەكەین.

 ئێواره‌ی رۆژی دووشەممە 20ی 1ی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، (ماڵی كوردستان)ی كردەوە و تێیدا خۆشحاڵیی خۆی بەوە دەربڕی كە دووەمجارە بە ناوی ماڵی كوردستان بەشداری لە كۆڕبەندی داڤۆس دەكەن.
لەو ڕێوڕەسمەدا كە عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆكی حكومەت گوتی: خۆشحاڵین کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس. سوپاسی ئەوانەش دەکەم كە ڕۆڵیان لە دروستكردنی ماڵی كوردستان لە داڤۆس هەبووە، بە تایبەتیش خالید خۆشناو کە ئەرکی بۆ دروستکردنی ماڵی كوردستان لە داڤۆس كێشاوە. هەروەك ئەوەشی خستە ڕوو كە هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە، تاوەكوو پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرەپێبدەن.

سەرۆكی حكومەت لە بەشێكی دیكەی گوتەکەیدا یادی شەهید پێشڕەو دزەیی كردەوە و گوتی: جێی خۆیەتی لێرە یادی برای شەهیدمان، شەهید پێشڕەو بکەین کە ساڵی رابردوو بە نیاز بوو لەگەڵمان بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند گرفتێک هاتە پێشی، نەیتوانی بەشدار بێت، کەچی بەداخەوە بە شێوەیەکی ستەمکارانە شەهید بوو، ئێمە یادی بەرز ڕادەگرین و خۆشحاڵم ئەمساڵ کاک ڕۆژی کوڕی شەهید پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ئێمە بەشدارە، پشتیوان بە خوای گەورە، شوێنی شەهید پێشڕەو دزەیی باوکی پڕ دەکاتەوە.

هەروەك تیشكیشی خستە سەر پرۆسەی دەستبەكاربوونی سەرۆكی تازەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ ئەمەریکا وەسف كرد، بەهۆی سوێندخواردنی سەرۆک ترەمپ و بە فەرميی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆکی ئەمەریکا. بەم بۆنەیەشەوە بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ كرد و هیوای خواست بتوانین پەیوەندییە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریکا پەرەپێبدەین و وەکوو هاوپەیمانێک بەردەوام بین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە پەرەپێبدەین و بیپارێزین. لە هەمان كاتدا هیوای ئەوەشی خواست كە ئەمەریکا زیاتر یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات، بە تایبەتیش لە ڕووی پاراستنی هەرێمەكەمان و پێشخستنی ئابوورییەكەی.

سەرۆكی حكومەت لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، تیشكی خستە سەر گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە و نموونەی بە گۆڕانكارییەكانی سووریا هێنایەوە و گوتی: ئەمە وایكردووە خەڵكی ئێمە چاوەڕێ بێت بزانێت ئەو گۆڕانکارییە بەرەو کوێ دەچێت، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان تێوە نەگلێین، بەڵام ئەگەر بتوانین ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینین لە باشترکردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە، درێخی ناکەین و هەر لەم ڕوانگەیەوە چەندین دیدار و سەردانمان کردووە بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق، تاوەكوو ئێمە بتوانین ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بمێنێت و خوانەخواستە کێشە و گرفتەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئێمە نەکات.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی پێویستە كوردستان بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە باشانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن ، لەمبارەیەوە گوتی: هیچ شتێك لەوە باشتر نییە کە ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ و یەکڕیز بین، هەوڵی جددیش هەیە لەنێو کوردستان کە ئێمە بیر و بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، بەڵام لە سووریاش لەسەر بانگهێشتی سەرۆک بارزانی، بەڕێز مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێری کرد، هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستان لە سووریا قسەی کردووە کە بەیەکەوە بتوانن یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بنوێنن، هاوکات بە یەکەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن. ئێمە هیوادارین بگەنە ئەنجامێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، بەڵکو خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوا بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن و بتوانین دۆخێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان لە ناوچەکە دروست بکەین.

هەر لەو گوتەکەیدا، سەرۆكی حكومەت باسی لە هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغداوە كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جددی لە بەغدا دەکرێ بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت. هاوكات جەختیشی لە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان كردەوە. لەم چوارچێوەیەشدا سوپاسی هەریەك لە سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیرە کوردەکان و ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، لە بەرامبەر ئەوەی كە هەموویان هاوکار و پشتیوان بوون لەوەی بتوانن گفتوگۆی باش ئەنجام بدەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە چاوەڕێی ئەوەین گفتوگۆکان بکرێن بە کردار، چیتر بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەبێتە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەروەك گوتیشی: ”ئومێدەوارم ئەمساڵ ساڵێکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان. بوونی ئێوە لێرە، دەکرێ زۆر کاریگەر بێت لەوەی ئێمە چیتر تەنیا چاومان لەوە نەبێت كە مووچە ببێتە تەنیا سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکوو بەهۆی بوونی ئێوە و کەرتی تایبەت کە بەشێکی سەرەکیی سیاسەت و ئەجێندای حکوومەتی ڕابردوو و هیوادارم هی داهاتووش بێت، کەرتی تایبەت كە ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی بگێڕێت لە پێشخستنی ئابووری و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق. هیوادارین هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی هەموو عێراق بووژانەوەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت، هیوادارم لەو کۆڕبەندە بتوانن پەیوەندیی باش لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دروست بکەن، وا بکەن وەبەرهێنانی زیاتر لە کوردستان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.