وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ دووشەممەی شاندی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕال لە بەغدا لەبارەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتی دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.
راشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەروەها رایگەیاند: هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.
وەزارەتی دارایی بڵاویشی كردەوە: هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025.
هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بە هاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.