Erbil 14°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 17:18

یەکێتیی خانەنشینان: بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە بەرژەوەندیی خەڵکە

100%

گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندیی خانەنشیناندایە.

 سادق عوسمان گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ، پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەوەش یەكێكە لە بڕگەكانی یاساكە، چونكە بەپێی بڕیاری دادگا پێویستە ئەو یاسایە لە هەرێمیش جێبەجێ بكرێت و بەركار بێت.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئەمەش سوودی زۆری بۆ خانەنشینان دەبێت و پێویستە ئەو شایستە داراییانەی لە عێراق دەدرێن، لە هەرێمیش بدرێت و پلەبەرزكردنەوەش دەست پێ بكرێتەوە، ئەوەشیان بۆ حیساب بكرێت كە لە ساڵی 2013 تا ئێستە پلەی فەرمانبەران بەرز نەكراوەتەوە، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن ژمارەیان زۆرە، هەرچەندە ئامارێكی ورد نییە، بەڵام بە خەمڵاندن 25 هەزار كەس خانەنشین دەكرێن و ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، بەپێی ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داویەتی، بۆ ئەوانەی خانەنشین دەبن، لە خاڵی هەشتەم باس لەوە دەكرێت هەموو ئەو ئیمتیازانەی دەدرێن بە خانەنشینانی عێراق، پێویستە بدرێنە ئەوانەی هەرێمی كوردستانیش، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن لە جیاتی ئەوەی شەش مانگ مووچەی تەواو وەربگرن، پێویستە مووچەی ساڵێكیان بە هەموو دەرماڵەكانەوە پێ بدرێت.

روونی كردەوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو بڕیارەی دراوە زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە عێراقیش بە هەمانشێوەی هەرێمی كوردستان پابەند بێت، چونكە ئەوە بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ئەوەی كەمتەرخەم بێت، ئێمە ڕێگەی دادگا دەگرینەبەر، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقیش پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەم شێوەیەش خەڵكێكی زۆر سوودمەند دەبن و بازاڕیش دەبووژێتەوە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.