Erbil 10°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 21:50

سه‌فین دزه‌یی: حکوومەتی هەرێم هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پێشتر گفتوگۆیان لەسەر کراوە

100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەگەڵ نیردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی پرسی بودجە و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای ئەو کێشەیەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ ڕامانگەیاندووە هیچ شتێکی شاراوەمان نییە، لە بابەتی دارایی و نەوت و ئەو پرسانەی کە لە نێوان ئێمە و حکومەتی فیدڕاڵ هەیە؛ بۆیە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکارییان خستە ڕوو بۆ نوێنەری وڵاتان لەبارەی ئەوەی چی دەگوزەرێت لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، باسمان لە کێشەی مووچە کردووە و بە داتا بۆیان خراوەتە ڕوو، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو کێشەیە ئەمساڵ دەبێت کۆتایی پێ بێت و نابێت وەکوو ساڵانی تر درێژە بکێشێت و بەردەوام بێت. لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی هەیە ئەگەر بێت؛ ئەو بابەتە درێژە بکێشێت."
گوتیشی: "وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی دیوان، وردەکارییان خستە ڕوو لەسەر ئەوەی کە هەموو سەردان و کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چ شتێك قسەی لەسەر کراوە و ڕوویداوە و کێشەکان لە کوێدان، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان درا بۆ ئەوەی ئێستاش درەنگ نییە کێشەکان چارەسەر بکرێن".

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، دەربارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "بە داخەوە کە لە ساڵانی 2023-2024، کە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێڕاق پەسەند کرا بۆ ماوەی سێ ساڵ بەپێی ڕێککەوتن و ئەو دانوستانانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، دەبوایە شایستە داراییەکانی هەرێم وەک خۆی بگات بە تایبەتی مووچەی مووچەخۆران، جگە لەوەش کۆمەڵێک کێشەی تریش هەیە و ئەو بڕەپارەیەی هەرێم وەری گرتووە تەواوکەری مووچەش نەبووە، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش وای کردووە کە زیانی زیاتر لە 22 ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بدات."
گوتیشی "ژمارەیەکی زۆر لە سەردان و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام دراون، بەڵام بەداخەوە هەرکاتێك ڕێککەوتنێک هەبێت وەکوو خۆی جێبەجێ ناکرێت، ئەو بەڵێنانەی دراون زۆر جاریش ئەو ڕاپۆرتانەی لە بەغداوە دەردەچن بە شێوازێک چەواشەکاری دەکرێت بۆ ڕای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە هەندێک لەو ئەندامانەی کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن لە پەرلەمانی فیدراڵی، ئەوانیش بە هەمان زمانی ئامارەکانی بەغدا قسە دەکەن، بۆیە بە پێویستمان زانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردە دیبلۆماسییەکان، لە هەرێمی کوردستان ئەو دانیشتنە ئەنجام بدەین".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا گوتی: "دوو ساڵی ڕابردوومان زۆر بە ئەستەم بەڕێ کرد و نامانەوێت ساڵی 2025 خەڵکی کوردستان دووبارە لە دڵەڕاوکێدا بن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.