Erbil 6°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 22:35

روونكردنەوەیەك لەبارەی ئەو بۆمبەی لە گوندی گەزنە دۆزراوەتەوە

100%

بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو بۆمبە بڵاوكردەوە كە لە گوندی گەزنە لە سنووری پارێزگای هەولێر دۆزرابووەوە كە لە دەزگاكانی راگەیاندن وا بڵاوكرابووەوە كە نیشانەی ئەتۆمی لەسەرە.

بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت "کارمەندی شارەزا و پسپۆڕمان راسپاردووە چارەسەری ئەم بۆمبە بکەن، بۆیە ئەوان بۆمبەکەیان ناسیوەتەوە و دڵنیابوونە لەوەی کە ناواخنەکەی تەقەمەنی بەرزە (High Explosive)".

هەروەها دەڵێت "پسپۆڕەكانمان بۆمبەکەیان سەلامەت کردووە و گواستویانەتەوە بۆ چاڵی لەناوبردن و بە سەرکەوتوویی و بە بێزیان لەناویان بردووە".

دەشڵێت "هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم بۆمبە هیچ پەیوەندییەكی بە بۆمبی (ئەتۆمی یان چەکی ناوەکی یان بالیستی) نەبووە".

بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مینی هەولێر داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن كرد بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانە بکەن و زانیاری دروست لە لایەنی پەیوەندیدار و کەسانی شارەزا وەربگرن، چونکە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتانە بە زانیاری نادروست دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.