ئێستا زیاتر لە 5 ههزار و 400 بیری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان هەن و بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردن و كۆنتڕۆڵكردنی ئهو بيرانه، بۆ یەكەمجار لە عێراق و هەرێمی كوردستان سیستەمێكی پێشكەوتووی ئەلیكترۆنی، بۆ بیرەكانی كوردستان بەكار دەهێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە قۆناغی یەكەمدا ئەو سیستەمە بۆ 14 بیری ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و سۆران و كۆیە جێبەجێ كرا.
بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و هۆبەی دیزاین و نوێنەرانی چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی ئاو و تیمی کۆمپانیای جێبەجێكار كۆبوونەتەوە و ڕاهێنانی تایبەتیان بە سیستەمی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە كردووە، كە لەلایەن ڕێکخراوی یونیسێفەوە پاڵپشتیی دارایی دەكرێت و لەلایەن کۆمپانیایەكی جێبەجێكارەوە بە شێوازێکی سەرکەوتووانە بۆ 14 بیری سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی هەولێر و دەوربەری هەولێر و کۆیە و سۆران جێبەجێ كرا.
بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە بواری ئاوی خواردنەوەدا بەکار دەهێنرێت، کە پێکهاتووە لە سیستەمێکی ئەلیکتڕۆنی و مۆبایل و ئەپلیکەیشنێکی پێشکەوتوو و دەست دەگرێت بەسەر بۆردێکی زیرەک (IOT) و بەهۆیەوە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ و خوێندنەوەی داتای ئەو هەستەوەرانە ( RCS sensor, Pressure sensor, Flow meter sensor, power meter sensor) بکرێت کە لەسەر بیرەکانی ئاودا دانراون.
ئەم پرۆژەیە سوودێکی زۆر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو دەگەیەنێت، کە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئامادەبوون و چاودێریی مرۆیی یان پاسەوان دەتوانرێت کۆنترۆڵی بەڕێوەبردن و ئیشپێکردنی بیرەکان بکرێت و دوو کامێرای چاودێری و تەواوی داتاکان دەتوانرێت ڕیکۆرد بکرێن و هەڵبگیرێن و لە داهاتوودا وەک سەنتەرێکی داتا و زانیاری بۆ بیرەکان بەکاردێت و هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆری لەسەر ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.