Erbil 2°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 06:49

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمشەوی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دواى گه‌یيشتنى به‌ به‌غدا، به‌شداريى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا كرد كه‌ بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانى عێراقى فيدراڵ و د. مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران به‌ڕێوه‌ چوو.

نێچيرڤان بارزانى وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ماف و شايسته‌ ياسایى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ستايشى ڕۆڵى سه‌رۆك وه‌زيران سوودانى كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵى ڕابردوودا كارى كردووه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هيواشى خواست هه‌موو پرسه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن‌، هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ بڕياره‌ هه‌ردوولا سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕوانگه‌ و كار و ڕۆڵى سه‌رۆك وه‌زيران سوودانى بۆ بره‌ودان به‌ پێگه‌ى عێراق و پته‌وكردنى‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، به‌رز نرخاند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌نه‌كه‌دا، جەخت له‌ پێویستيى‌ پشتگيريى هەموو لایه‌نه‌كان بۆ جێبەجێکردنی به‌رنامه‌ى حکوومه‌ت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتگیرى له‌ چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانى حکوومەت كرا‌، جەختیش کرايه‌وه‌ کە هیچ هەڵوێستێکی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نييه‌، جگە لە پرسە تەکنیکییەکان، ئه‌وه‌ش دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

هاوپەیمانییەکە داوای کرد عێراق به‌ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارى و ڕووداوە ناوچه‌يى و نێودەوڵەتییەکاندا بكات کە بەرژەوەنديی عێراق بپارێزێت و لە ململانێ و قەیرانەکان بەدووری بگرێت، هەروەها باس له‌ دۆخی سووریا کرا و ئامادەیيی عێراق بۆ پشتگیری له‌ گەلی سووریا دووپات كرايه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، سەردانە فەرمییەکانی سەرۆک وەزیران سوودانى بۆ کۆمەڵێک وڵاتى دۆست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێ كران.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.