Erbil 10°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 18:32

بۆ پشووەکانی سەری ساڵ پێشبینی ھاتنی 200 ھەزار گەشتیار بۆ ھەرێمی كوردستان دەکرێت

کوردستان TV
100%


گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لەبەردەستایە، پێشبینی دەکەن بۆ پشووەکانی سەری ساڵ زیاتر لە 200 ھەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی ھەرێمی كوردستان بکەن و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە چەند لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ پێشوازی و ڕێنمایی گەشتیاران.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، ئیبراھیم عەبدولمەجید لەبارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ پشووەکانی سەری ساڵ ڕایده‌گه‌ێنێت، بە مەبەستی پێشوازیکردن لەو گەشتیارانەی کە پێشبینی دەکەین بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە شارەکانی ھەرێمی كوردستان بکەن بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر ھەردوو ئاستی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە.

ئیبراھیم عەبدولمەجید  ده‌شڵێه‌، کەرتی گشتی واتا ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار وەک وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازگەکان ھەیە کە ئاسانکاریییەکی ئێجگار زۆر پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن و لەماوەی کەمتر لە پێنج خوولەکدا تەواوی ڕێکارەکان بۆ گەشتیاران دەگیرێتەبەر و دەتوانن بڕۆنە ناو شارەکان، ھاوکات چەندین لیژنەی جیاواز بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی جیاواز لە ئیدارە و پارێزگا سەربەخۆکان پێکھاتوون.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە بازگەکان دەتوانن ڕوویەکی جوانی ھەرێمی كوردستان نیشانی گەشتیاران بدەن ھەر بۆیەش لیژنەکانی پێشوازی لە بازگەکان دەبن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لەمبارەیەوە ده‌شڵێ: بازگەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگ و ئاوێنەی شارەکانی ھەرێمی کوردستانن و دەمانەوێت لەوێیەوە دیووێکی جوانی پێشوازی میوانداری نیشانی گەشتیاران بدەین و تیمەکانمان لەوێیەوە بە پێدانی بڕۆشۆر و نەخشەی گەشتیاری لە پێشوازی میواناندا دەبن، ھاوکات لە سەنتەری شارەکانیش تیمەکان بەشێوەیەکی بەردەوام ئەو بنکە گەشتیاریانە بەسەر دەکەنەوە کە چالاکییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت.

لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ ھاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ھەرێم، ئیبراھیم عەبدولمەجید ڕایگه‌یاندووه‌، پار ساڵ بۆ پشووەکانی سەری ساڵ لەماوەی ھەفتەیەکدا نزیکەی 200 ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێم کردبوو، بۆ ئەمساڵیش بە پشتبەستن بەو ئامادەکارییانەی کە ھەمانە، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لە پشووەکانی سەری ساڵ زۆرینەی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن بەڵام کۆی ساڵاکە دەتوانین بڵێین سەدا 25ی ئەم گەشتیارانەی دێنە ھەرێم ئەوانەن لە دەرەوەی عێراقەوە دێن و پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی.

لە ھەرێمی كوردستان، سێ ھەزار و 100 بنکە و ناوەندی گەشتیاریی ھەیە کە خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن، ھاوکات بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بەشێک لەو شوێنانەی بریتیین لە 714 کافتریا، 10 شاری یاری، 589 ڕێستورانت، 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، 54 کۆمەڵگای گەشتیاری، 460 ھۆتێل و 282 مۆتێل.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.