دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە سووریا بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دژبەری رژێم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقائی ڕایگەیاند کە دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشق پەیوەندیدارە بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە سووریا.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە ئیسماعیل بەقائی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای ھەڵسەنگاندنی پێشھاتەکانی دۆخی سووریا و بڕیارەکانی ئیدارەی نوێ لەو وڵاتە، بڕیار لەسەر داھاتووی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق دەدەن.
باسی لەوەش کردووە کە دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشق پێویستی بە چەند ئامادەکارییەکی سەرەتایی ھەیە کە گرنگترینیان دەستەبەرکردنی ئاسایشە بۆ باڵیۆزخانە و کارمەندەکانیان و گوتی: ھەر کاتێک ئاسایش لە سووریا دەستەبەر بوو و دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیریی بوو، ئەوا ھەنگاو بە ئاراستەی دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە دیمەشق دەنێین.
رۆژی دووشەممە باڵیۆزی ئێران لە سووریا، حوسێن ئەکبەری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندبوو کە بەم زووانە کار و چالاکییەکانیان لە دیمەشق دەست پێ دەکەنەوە.
دوای ئەوەی ڕۆژی 8ی ئەم مانگە، ڕژێمی بەعس لە سووریا بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دژبەری رژێم ڕووخا، باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق چالاکییەکانی ڕاگرت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.