گرووپەكانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دووبارە پەیامێكی هەڕەشە ئامێزیان ئاراستەی ئەمەریكا كرد ئەگەر هاوكاری ئیسڕائیل بكات لە هێرشكردن بۆ سەر عێراق و ئێران.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە لە 6 گرووپ و میلیشیای چەكداری عێراقی پێكهاتوون، بڵاویان كردەوە كە درەنگانی شەوی رابردوو لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشیان كردۆتە سەر چەند ئامانجێكی سەربازی لەنێو خاكی ئیسڕائیل.
بڵاویشیان كردەوە كە لەو هێرشانەیان بۆ سەر ئیسڕائیل بەردەوام دەبن وەك پشتگیرییەك بۆ هاووڵاتییانی فەڵەستین و لوبنان.
گرووپی حزبوڵا كە یەكێكە لە گرووپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، هەڕەشەیان لە ئەمەریكا كرد بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەكەدا ئەگەر هاوكاری ئیسڕائیل بكات لە هێرشكردنە سەر خاكی عێراق و ئێران.
ئەم هەڕەشانەی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق جاری یەكەم نییە و پێشتریش چەند جارێكی دیكە هەڕەشەی هاوشێوەیان لە ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان كردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.