سەرچاوەیەكی میدیایی ئەمەریكی ئەمڕۆ سێشەممە زانیارییەكی نەبیستراوی لەبارەی ئێران سەبارەت بە داواكاری هێرشكردنە سەر ئیسڕائیلی بڵاوكردەوە.
ماڵپەڕی (ئەكسیوس) بڵاوی كردەوە: هەفتەی رابردوو دوای هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان و تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی پەیجەر و بێتەل و كوژران و برینداركردنی هەزاران كەس، حزبوڵا داوای لە ئێران كردووە راستەخۆ بێتە نێو جەنگ و هێرش بكاتە سەر خاكی ئیسڕائیل.
ماڵپەڕە ئەمەریكییەكە زانیارییەكانی لەچەند سەرچاوەیەكی باڵای سەربازییەوە پێگەیشتووە و تێیدا حزبوڵا داوای لە سوپای پاسداران كردووە دەست بە هێرشكردن بۆ سەر ئیسڕائیل بكەن.
راشیگەیاند: وەڵامی ئێران بۆ حزبوڵا ئەوە بووە كە ئێستا كات گونجاو نییە بۆ هێرشكردنە سەر ئیسڕائیل.
رۆژانی سێشممە و چوارشەممەی هەفتەی رابردوو لەلایەن ئیسڕائیلەوە و لە رێگەی هێرشی ئەلیكترۆنییەوە هەزاران ئامێری پەیوەندیكردنی پەیجەر و بێتەلی لە لوبنان تەقێنرانەوە، بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەهۆی تەقینەوەكان 37 كەس كوژران و نزیكەی 3 هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون.
یەكێك لە بریندارەكانی هێرشەكە موجتەبا ئامانی باڵیۆزی ئێران بوو لە لوبنان كە خۆی و دوو لە پاسەوانە تایبەتەكانی بە سەختی بریندار ببوون، رۆژی پێنجشەممەی رابردووش بۆ چارەسەری بەپەلەی پزیشكی گەیەنرانەوە ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.