حكوومەتی عێراق راگەیەنراوێك لەبارەی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی ئەمڕۆ سێشەممەی وڵاتی لوبنان بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە تیمی فریاگوزاری و هاوكاری تەندروستی بەپەلە ئاراستەی ئەو وڵاتە دەكەن.
باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رایگەیاند: حكوومەتی عێراق چاودێری ئەو پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارانە دەكات كە لە لوبنان روو دەدەن كە لە ئەنجامی هێرشی ئەلیكترۆنی ئیسڕائیلەوە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی كوژران و بریندار بوون.
راشیگەیاند: هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی ئەمڕۆ و پەلاماردانە بەردەوامەكانی ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە دەستوەردان بكات بۆ رێگریكردن لە رشتنی زیاتری خوێن و فراوانبوونی بەرەی جەنگ.
هەروەها رایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی كردووە بەپەلە تیمی فریاگوزاری و هاوكاری تەندروستی بۆ لوبنان بنێردرێت بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئازاری بریندارە مەدەنییەكان.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی هێرشی ئەلیكترۆنییەوە سەدان ئامێری پەیوەندیكردنی بێتەل لە باشووری لوبنان تەقێنرانەوە كە بەشێكی زۆری ئەو ئامێرانە بەدەست ئەندام و لایەنگرانی حزبوڵاوە بوون.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە ئەنجامی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەدا 9 كەس كوژراون و نزیكەی 3 هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون.
یەكێك لە قوربانییانی هێرشە ئەلیكترۆنییەكە، موجتەبا ئامانی باڵیۆزی ئێران بوو لە لوبنان و لەگەڵ دوو لە پاسەوانە تایبەتەكانی بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.