Erbil 16°C شەممە 23 تشرینی دووەم 10:03

پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە 5 هەزار هاوڵاتى هەولێر لە بڕیارێکی سەرۆکی حکوومەت سوودمەند ده‌بن

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2024.9.4، دوا بە دواى فەرمان و ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، لەژێر چاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر و بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى پارێزگاى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، دەستکرا بە قۆناغى دووەمى دابەشکردنى (100) ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی بە خاوەنەکانیان.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم دام و دەزگاکان و لیژنەى پارێزگا کرد بۆ ڕاییکردنى مامەڵەى خاوەن زەوییە سندوقیەکان، کە ماوەیەکى زۆر بوو خواست و داواکارى ئەوخاوەن زەویانە بوو و گوتى: "بە سوپاسەوە بۆ جەنابى سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانى، کەوەک هەمیشە ئێمەى لە تیمى حکومەت ڕادەسپاردووە لە خزمەت ئەو شوێن و جێگایانە دابین کە خزمەتگوزارى پێویستیان بگاتێ و ئاوڕیش لەو کەسانە بدەینەوە کە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە،  پیرۆزبایی لە ئێوەى خاوەنى زەویی سندووقی دەکەین، ئەوە دیارى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان و پڕوسەکەش بەردەوامى دەبێت"
ڕاشیگەیاند: "ئەو هاوڵاتیانەی کە سوودمەندبوونە لەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە زەوی سندوقی، (2,292) هاووڵاتی بوونە و مامەڵەکانیان تەواو بووە، کە بەشێکیان دەستیان بە دروستکردنی خانووەکانیان کردووە و ڕەنگە بەشێکیان لەناو خانووەکانیاندا بن، بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان پیرۆزباییان لێدەکەین و دووپات لە سەر ئەو پرەنسیپانە بنەڕەتیانە دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتکاری خەڵکی کوردستانە و هەرچی پێویست بکات بەتایبەتی بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەیکەین".
باسی لەوەش کرد، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە هەبوو دەبوو ئەو پرۆسەیە لە 2024.9.1 کۆتایی پێ هاتبایە، بەڵام لە پێناو زەمینە خۆشکردن بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا دەستیان بە مامەڵەکانیان نەکردووە، بڕیارەکە تاوەکو 1-12-2024 درێژ کرایەوە، بۆیە هیوادارین ئەو هاوڵاتیانەی زەوی سندوقیان ماوە، لەو ماوەیەدا دەست بە مامەڵەکانیان بکەن، تاوەکو کارەکانیان تەواو بێت و سوود لەو بڕیارە وەرگرن.
سەبارەت بەوانەی خانووی زێدەڕۆیشیان هەیە و دەیانەوێت نۆژەنی بکەنەوە، ئاماژەى بەوەدا، لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانە ڕێگەیان پێدراوە، تاوەکو ئێستا (539) هاوڵاتی سوودمەند بوونە، هەروەها فراوان کردنی حەرەمی گوند و ڕێگە پێدان لە حەرەمی گوند، تا ئێستا (2,438) کەس تێیدا سوودمەند بووە و ڕێگەیان پێدراوە خانوو دروست بکەن.
گوتیشی: "زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری پارێزگاى هەولێر، سوودیان لەوسێ بوار وەرگرتووە، ( ڕێگەپێدانی دروستكردنى خانوو لە زەوی سندوقی، دروستکردنی خانوو لە حەرەمی گوند، نۆژەنکردنەوە)، هەموو ئەوانەش بەئامانجى نەمانی قەیرانی نیشتەجێبوونە و ئومێد دەکەین هیچ هاوڵاتییەکى کرێنشین لە شارەکەمان نەمێنێ و هەموو کەس ببێتە خاوەنى خانووى خۆى، ئێوەش دەتوانن لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنى خانووەکانتان بکەن".
جێگەى باسە، پڕۆسەى تەملیککردن و ڕێگەپێدانى خانوو دروستکردن لەسەر ئەرزى سندووقى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ له‌ دوو لاوه‌ بەزێدەڕۆیی خانووی تێدا دروستكراوه‌ و پێشتر كڕین و فرۆشتنیان پێكراوه‌، بە بڕیارى سەرۆکى حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستان وه‌ك كارئاسانی بۆ هاوڵاتییانى کەم دەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون دواى یەکلایی بوونەوەى مامەڵەکانیان لە وردبینى و بەدواداچوون، بەپێى ئەو مەرجانەى دەستنیشانکراوە ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوویان پێدەدرێت و دەتوانن خانووەکانیش لەسەر ناوى خۆیان تاپۆبکەن، کە زۆربه‌یان کەوتونەتە شاره‌وانییه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر، ئەمڕۆش قۆناغى دووەمى ئەو پڕۆسەیە لە دیوانى پارێزگا دەستى پێکرد و پڕۆسەکەش بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین و لە ماوەى رابردوودا داواکارییان پێشکەش کردووە.

 

شوان عه‌زیز
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.