ئەمڕۆ یەكشەممە 11/8/2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار شەشەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش تایبەت بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتی كۆتاییی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا ڕەشنووسی ڕاپۆرتی كۆتاییی ئامادەكراوی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر (2050) خرایەڕوو كە تێیدا سەرجەم لایەنەكانی شیكرانەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەكی تردا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەت سەرنجی خۆیان لەبارەی ڕاپۆرتی كۆتایی بخەنەڕوو بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجەكان بكرێتەوە و كاری جدیان لەسەر بكرێت و دواتر لە چەند مانگی داهاتوودا پەسەند دەكرێت و پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەكەدا گوتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوە كرد: دوای ماوەی دوو ساڵ كاركردن لە پرۆژەی هەمواركراوی ماستەرپلانی هەولێردا، خۆشبەخاتە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی شەشەمی لیژنەی باڵای JCC دەكەین و دوای چەند مانگێكی تر كارەكانی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كۆتایییان دێت و هەولێر دەبێتە خاوەن ماستەرپلانێكی نوێ و لە داهاتوودا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شاری هەولێر لەژێر ڕۆشنایی ئەو ماستەرپلانەدا جێبەجێ دەكرێن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی سەرجەم تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەنددارەكانی كرد لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كاریان لەو پرۆژەیەدا كردووە و بەشدارییەكی كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆژەكەدا كردووە.
هەروەها سوپاسی ئاژانسی جایكا و حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی و هاوكارییەكانیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە لە بواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ڕاوێژكاری و خول و چەندین بواری دیكەدا پێشكەشیان كردووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: بەرهەمی ئەو كارە زانستییەی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر لە ساڵانی داهاتوودا بە گەشەكردن و فراوانبوونی شاری هەولێر لەسەر هەموو ئاستەكاندا دیار دەبێت.
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشكەوتووی ئۆفیسی جایكا لە عێراق و كۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژكاری پرۆژەكانی جایكا و تیمی جایكا و هەر یەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕاوێژكاری وەزارەتەكانی كارەبا و ئاوەدانكردنەوە و جێگری پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و نوێنەران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی و گواستنەوە و گەیاندن و دەستەكانی گەشتوگوزار و پاراستن و چاككردنی ژینگە لەگەڵ تەندروستی و نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر و ئاوەڕۆی هەولێر و 24 ئەندامی JCC و 2 ئەندامی جایكا و 2 ئەندامی تیمی پرۆژەكانی جایكا ئامادەی بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.