سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کیەر ستارمەر سەبارەت بە ڕووداوەکانی توندوتیژی ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند: ئێمە وڵاتێکین ڕێگە بەوانە نادەین کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس دەدەن و، تۆوی جیاکاری و ڕق و کینە دەچێنن. بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەین شیرازە و یاسا لە سەر شەقامەکانمان پشتگوێ بخرێت".
سەبارەت بە ڕووداوەکانی توندوتیژی کە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە سەرەتای هەفتەوە تا ئێستا لە بەریتانیا ئەنجامی دەدەن، ستارمەر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد.
ستارمەر ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە سەرەتای هەفتەدا پاش کوژرانی سێ منداڵ بە چەقۆ لە شاری ساوسپۆرت، یەکەم ڕووداو لەو شارە سەریهەڵدا و گوتی: "ساوسپۆرت دووجار ئازاری چەشت''.
هەروەها ستارمەر باسی لەوە کرد کە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان پەلاماری مزگەوتەکانیان داوە و سڵاوی نازیان کردووە و گوتی: "نیشانی دەدەین کە کێین. ئێمە وڵاتێکین ڕێگە بەوانە نادەین کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس دەدەن و، تۆوی جیاکاری و ڕق و کینە دەچێنن. بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەین شیرازە و یاسا لە سەر شەقامەکانمان پشتگوێ بخرێت".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ستارمەر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی ڕاستەڕەوە توندئاژۆکان ئەنجامیدەدەن خۆپیشاندان نییە، بەڵکو تاوانە و، گوتی: "بەناوی پاراستنی بەهاکان و گەلی ئینگلیزەوە کە خوازیاری دەستەبەرکردنی ئاسایشە بەوە دەڵێین بوەستە".
ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پۆلیس و دەسەڵاتە دادوەرییەکان ڕێسایەکی نوێ لە پۆلیس دژی ڕووداوە توندوتیژییەکان دادەنێن، هاوکات ڕووی دەمی کردە کۆمپانیاکانی بواری تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕایگەیاند: "بانگەواز ئاڕاستەی دوو کۆمپانیای گەورەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن دەکەم. ڕووداوە توندوتیژەکان لە ئینتەرنێتدا ڕێگەیان بۆ خۆشدەکرێت. ئەمە تاوانە و لەسەر پلاتفۆرمەکانی ئێوە ئەنجام دەدرێت. دەبێت یاسا لە هەموو شوێنێکدا جێبەجێ بکرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.