Erbil 21°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 13:01

له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌، پارێزگاری هه‌ولێر حەوت بڕیاری گرنگی دا

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4-8-2024، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی هێمن قادر و مه‌سعود كاڕه‌ش جێگرانی پارێزگار و ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری پارێزگار و قایماقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌ندروستی و هاتووچۆ و نەوت و كانزاكانیی هه‌ولێر و قایمقامه‌كانی قه‌زاكانی قوشته‌په‌، مه‌خموور و خه‌بات و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحییه‌كانی گوێڕ، شه‌مامك، دیبه‌گه‌، رزگاری و كه‌ورگۆسك و به‌ڕێوه‌به‌رانی ژینگه‌ی هه‌ولێر و تاقیگه‌ی ناوه‌ندیی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان و دووكه‌ڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیده‌ و به‌رگرتن له‌ پیسبوونی ژینگه‌ی شاری هه‌ولێر و پاراستنی هاووڵاتییان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك بڕیاری تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌رچوو، كه‌ بریتیین له‌:
یه‌كه‌م: داخستنی 138 پاڵاوگه‌ی نایاسایی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر.
دووه‌م: ئه‌و پاڵاوگانه‌ی یاسایین، مۆڵه‌تی 10 رۆژیان پێده‌درێت بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌ ژینگه‌ییه‌كان و نه‌هێشتنی كه‌موكوڕییه‌كان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێكاری یاساییان به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌به‌ر.
سێیه‌م: كارگه‌ جۆراو جۆره‌كان و به‌تایبه‌ت كارگه‌ی قیر له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر پێویسته ده‌ستبه‌جێ‌ گرفته‌ ژینگه‌ییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر و رووبه‌ڕووی ئیجرائات ده‌بنه‌وه‌.
چواره‌م: مۆڵه‌تی یه‌ك هه‌فته‌ به‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌درێت، له‌ ئان و ساتی جێبه‌جێنه‌كردنی رێكاره‌ ژینگه‌ییه‌كان و بڕیاری كاتم كردن و نه‌هێشتنی دوكه‌ڵ، رێككاری توند به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌به‌ر.
پێنجه‌م: هه‌ڵمه‌تێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر به‌رامبه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن و زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن ده‌ستپێده‌كات، ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانیان داده‌گیرێت و به‌ڵێننامه‌ له‌ خاوه‌نه‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێت و ناچار ده‌كرێن ئۆتۆمبێله‌كان چاك بكه‌نه‌وه‌.
شه‌شه‌م: پێویسته‌ وێستگه‌ی هه‌ڵمی خه‌بات ته‌واوی مه‌رجه‌ ژینگه‌یی و ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێ بكات و داوا له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كاره‌با و سامانه‌ سرووشتییه‌كان كرا و رێكاره‌كانی پاراستنی ژینگه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
حه‌فته‌م: بڕیاری پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا درا، بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ و به‌ دواداچوون بۆیان.
له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئومێد خۆشناو پارێزگاری له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی داوای له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان كرد كه‌ره‌سته‌كانی نه‌وتی ره‌ش به‌ پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان نه‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رامانگه‌یاند، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك سازش له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ بكات، سزا ده‌درێت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش پاداشت و سوپاس و پێزانینی پێده‌به‌خشرێت.
ئاشكراشیكرد، ته‌واوی ئیجرائاته‌كان هه‌فتانه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت و كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سروور بارزانی، كه‌ به‌رده‌وام جه‌خت له‌ پاراستنی ژینگه‌ و زیادكردنی سه‌وزایی ده‌كاته‌وه‌ و پشتگیری له‌ بڕیاره‌كانمان ده‌كات.
پارێزگاری هه‌ولێر دووپاتیكرده‌وه‌، هیچ كه‌س و كۆمپانیایه‌ك لای ئێمه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵكو هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر لای ئێمه‌ و  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.