دوێنێ پێنجشەممە یەکەم کاروانی جپسی پەتاتەی هەرێمی كوردستان لە کارگەیەکی شارۆچكەی قوشتەپەوە هەناردەی هەریەک لە وڵاتانی ئوردن و سعودییە کرا.
كاروانەكە بەشێوەیەكی گشتیی پێکهاتبوو لە 10 هەزار کارتۆن جپس و بە 5 بارهەڵگر رەوانەی وڵاتانی ئوردن و سعوودییە كرا.
ئەو پەتاتانەی لە بەرهەمهێنانی جپسەکان بەکارهاتوون، بەرهەمی جوتیارانی شارۆچكەی قوشتەپە و گوندەکانی دەوروبەرین، کە ئەوەش دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ جوتیاران بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، هاوکات کۆمپانیای بەرهەمهێنی جپسەکەش کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کۆمپانیاکە هەلی کاری بۆ دەیان گەنجی سنوورەکە ڕەخساندووە.
هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ دەرەوەی وڵات، لەچوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتە، بۆ گرینگیدان بە بەرهەمی خۆماڵی و زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆیی و پاڵپشتی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ خاوەنکارانی وڵاتەکەمان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.