حكوومەتی سوید بڕیاریداوە هاوكارییە داراییەكانی بۆ عێراق بەشێوەی قۆناخ تا ناوەڕاستی ساڵی 2025 رابگرێت، بەهۆی ئەوەی عێراق ئێستا بووەتە وڵاتێكی داهات مامناوەند و ئیتر دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بووەستێت.
حكوومەتی سوید رایگەیاند كە رێنمایی داوەتە ئاژانسی هاوكاری نێودەڵەتی بۆ گەشەپێدانی سوید (سیدا) و ئەكادیمیای فۆڵك بێرنادۆت، بەشێوەی قۆناخ تا 30 حوزەیرانی 2025 هاوكارییەكانیان بۆ عێراق رابگرن.
لەمبارەیەوە یوهان فۆرسێل وەزیری هاوكاری نێودەوڵەتی سوید بۆ گەشەپێدان رایگەیاند: عێراق ئێستا بووەتە وڵاتێكی داهات مامناوەند و هەموو ئەو هۆكارگەلانەی لەبەردەستن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەكەی بەباشی بژیێنێت.
راشیگەیاند: بۆ دوای قۆناخی بڕینی هاوكارییەكان، بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەكانی بازرگانی و كەشوهەوا و كۆچبەرانەوە فراوانتر دەكەین.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا، هاوكارییە داراییەكانی سوید بۆ عێراق زیاتر لە 3 ملیار كڕۆن (284 ملیۆن دۆلار)ی تێپەڕاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.