وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر نەشتەرگەرییەكی دەگمەن و گەورە بۆ منداڵێك ئەنجامدراوە.
پێش چوار ساڵ منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بە هەڵە ماددەیەکی خاوێنکردنەوەی سوتێنەر بە هەڵە دەخواتەوە و دەبێتە هۆی سوتان و تەسکبوونەوەی دەم و سورێنچک (ڕێرەوی خواردن)ی و بۆ ماوەیەکی زۆر توانای خواردنی نەمابوو جگە لە ئاو و شلەمەنی.
لەماوەی رابردووشدا چەندین جار بە ڕێگای پێبین (ناظور) هەوڵی فراوانکردنی سورێنچکی بۆ منداڵە نەخۆشەكە درابوو، بەڵام سەرجەم هەوڵەكان بێ سوود بوون.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: لە کۆتاییدا سوپاس بۆ خودا لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان لە شاری هەولێر نەشتەرگەرییەکی گەورە و دەگمەن بۆ منداڵەكە ئەنجامدرا ئەویش پێکهاتبوو لە بەرزکردنەوەی گەدە و دانانەوەی ڕێرەوی خواردن Gastric pull up ( Esophageal Replacement Surgery).
دوای ماوەیەك مانەوەی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی ڕاپەرین، منداڵەكە بە تەندروستییەکی باش و جێگیر و دوای دەستپێکردنەوە بە خواردنی ئاسایی ڕەوانەی ماڵەوە کرا.
وەزارەتی تەندروستی دەستخۆشی لە گشت پزیشك و کارمەندانی نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان كرد کە بەشداربوون و ماندووبوون بۆ سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەرییە گەورە و دەگمەنە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.