بە سەرپەرشتيی ڕاوێژکاری وەزارەت ڕزگار حهمهد خدر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەت و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی تایبەتمەند لە بەرێوەبەرایەتيی گشتيی سامانی ئاژەڵی و ڤێتێرنەری، ليژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کۆبوونەوەی خۆی كرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا تاووتوێی چەندین بابەتی گرنگ کرا، بە تایبەتی شیکردنەوەی دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیيەکە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. دوای خستنەڕووی زانیاریيەکان و گفتوگۆکردن لەلایەن ئامادەبووان، خۆشبەختانە دەرکەوت تاوەکوو ئێستا تەنها یەک حاڵەتی مردن و یەک حاڵەتی توشبوون هەبووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر، دۆخی ژیانی ئاسایی بووهتهوه.
له كۆتاييى كۆبوونهوهكهدا، چهند بڕيار و ڕێكارێك دهركران، كه ئهمانهى خوارهوه بوون:
١- بە هەموو شێوەیەک هاووڵاتیيان هۆشیار و ئاگهدار بکرێنەوە، لە سەرنەبڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان و نەفرۆشتنی گۆشتی بێ مۆری تەندروستی لەلایەن گۆشتفرۆشهكانهوه.
٢- بە سەرپەرشتيی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگهکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ليژنەکانی پارێزگهکان و ئیدارە سەربەخۆکان دووبارە دروستبکرێنەوە.
٣- جەخت لە بەردەواميی هەڵمەتەکانی شۆردنەوەی ئاژەڵ و ڕشاندنی مەیدانی ئاژەڵان و قەسابخانەکان و شوێنەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ كرايهوه.
٤- چاودێریکردنی ئەو ناوچانەی کە نەخۆشیيەکەی تێدا پهيدابووه، بە کەرەنتینکردن و ڕشاندنی شوێنەکە بە دەرمان.
٥- ڕێگریکردن لە جموجۆڵی ئاژەڵ و هاتنی بۆ ناو هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاودەبێتەوە، و چاودێریکردنی تەواو لە بازگە و دەروازەکان.
٦- بڕیار درا لەکاتی هاتنی جەژنی قوربان، قەسابخانەکان کراوە بن لهبهر قوربانیكردن لەلایەن هاووڵاتیيانەوە.
هەروەها لەم کۆبوونەوەیە پێشنیار بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایينی کرا، کە لە هەفتەکانی داهاتوودا گوتاری هەینی بۆ هۆشیاريی هاووڵاتیيان و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان و سەربرینی ئاژەڵ لە سەربڕخانە فەرمییەکان تهرخان بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.