ڕۆژى سێشەممە 21ـى ئادارى2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکومی و حزبيى سنوورەكە، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی سەرەكيی 30 مەتری داندرا، کە ناوچەی پیشەسازی بە دارەتووی کۆن دەبەستێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكەدا، بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن باسی لە ناوەڕۆكی پرۆژەكە كرد و خۆشحاڵيی خۆی بە دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی ئەو شەقامە دەربڕی. سەبارەت به جێبەجێكردنی پرۆژە و گەیاندنی خزمەتگوزاری لە شار و شارۆچكەكان، ئاماژەی بەوە كرد: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەر شوێنێكدا كە خزمەتگوزاری پێویست بێت، بەردەوام دەبێت و حكومەت درێغی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان ناكات.
سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكەی دارەتوو، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: گوژمەی ئەو پرۆژەیە ملیارێك و 455 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت و پێكهاتووە لە دروستكردنی شەقامێكی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەكی لوولەیی. لەبارەی گرنگيی ئەو پرۆژەیە ئاماژەی بەوە كرد "پرۆژەكە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتییانی دارەتوو دەكات".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: هەموو فەرمانگەكانمان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەر شوێنێك پێویست بە خزمەتگوزاری هەبێت، درێغی ناكەن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و دەستی ئاوەدانيی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو شوێنە دەبێت كە پێویستی بە خزمەتگوزاری دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.