كوسنوڵی ئێران لە هەولێر ئاشكرای كرد كە سەرۆك كۆماری وڵاتەكەی بەنیازبوو هەفتەی داهاتوو بە سەردانێكی فەرمی بگاتە عێراق و دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
نەسڕوڵا رەشنوودی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بەنیازبوو هەفتەی داهاتوو سەردانی عێراق بكات، لەمیانەی سەردانەكەشیدا لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەرێمی كوردستانیشی دەكرد.
راشیگەیاند: هەر لە كاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم رەئیسی، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە پەیامی هیوای سەلامەتییان بۆ سەرۆك كۆماری ئێران و یاوەرانی پێگەیشتووە.
هەروەها رایگەیاند: بەهەمانشێوە دوای راگەیاندنی گیانلەدەستدانی سەرۆك و یاوەرانی لە رووداوەكەدا، دەیان پرسەنامەیان لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی پێگەیشتووە.
ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی تری پارێزگای تەورێز و ئازەربایجانی رۆژهەڵات بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەی بەنداوێك لەسەر رووباری ئاراس لە پارێزگای تەورێز كرد.
دوای بەشداریكردنیان لە ڕێوڕەسمەكە، ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی بە هێلیكۆپتەر گەڕانەوە، بەڵام لە ڕێگە هێلیكۆپتەرەكەیان كەوتەخوارەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەش سەرۆكایەتی ئێران گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینەكانی هێلیكۆپتەرەكەی راگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.