باڵیۆزخانەی عێراق لە سووریا هەواڵی هێرشكردنە سەر پاسێكی زیارەتكارانی شیعەی عێراقی لەناو خاكی سووریا بە درۆ خستەوە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە سووریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بەشێك لە میدیاكان و پەیج و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە ئەمڕۆ پاسێكی زیارەتكارانی عێراقی لەناو خاكی سووریا هێرشی كراوەتە سەر و بەهۆیەوە سەرجەم ئەندامانی ناو پاسەكە كوژراون.
راشیگەیاند: ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و ئەمڕۆ هیچ پاسێكی گواستنەوەی زیارەتكارانی عێراقی لەناو خاكی سووریا هێرشی نەكراوەتە سەر.
هەروەها رایگەیاند: تەنیا یەك رووداو بووە و ئەویش بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو بووە كاتێك ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی عێراقی لە پارێزگای دێرەزوور بە چەكی قەناس تەقەی لێ كراوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەكی عێراقی لەناو ئۆتۆمبێلەكە گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە لەسەر ئەم رووداوەش لایەنە ئەمنییەكانی سووریا ئیجرائاتیان كردووە و ئەوانیش وەك باڵیۆزخانەی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی بگەیەنرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.