Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 08:18

هونه‌رمه‌ند عزه‌دین شاهۆیی: زۆر گرنگه‌ گۆرانیبێژ ژه‌نیار بێت

کوردستان TV
100%


هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس    

هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ عزه‌دین محه‌مه‌د سمایل ناسراو به‌( عزه‌دین شاهۆیی)، له‌ 1970-6-1 له‌ گوندی ئیلنجاغی بچووكی ناوچه‌ی قوشته‌په‌ی شاری هه‌ولێر له‌دایك بووه‌.

ئاشنابوونی به‌ هونه‌ری گۆرانی بۆ سه‌رده‌می  منداڵی و سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ ڕێگای ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا گوێی له‌ گۆرانییه‌ كوردییه‌كانی ده‌گرت هه‌رچه‌نده‌، زۆر جار ڕێگری هه‌بوو له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی و كاریگه‌ری كه‌لتووری هۆكارێك بوون بۆ كاره‌كانی.

گۆرانیبێژ شاهۆیی  له‌ ساڵی 2019  كۆمه‌ڵێك گۆرانی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی تۆمار ده‌كات و دواتر له‌  تۆڕی كۆمه‌ڵاتیه‌تی فیس بووك بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ بوو ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی په‌یداكرد، دوای ئه‌و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و ڕادیۆیی له‌گه‌ڵی سازكرا.

 شاهۆیی زیاتر كاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ فۆلكۆرییه‌كان كردووه‌ كه‌ هه‌وڵیداوه‌ زیاتر ئیش له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازه‌ فۆڵكلۆرییانه‌ بكات كه‌ ساڵانێكی دوور ودرێژه‌ فه‌رامۆش كراون و دووباره‌ تۆماری كردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌ میوزیكی باشتر و به‌ ده‌نگێكی نوێ به‌گوێی گوێگرانی ئاشنا كرد ئێمه‌ وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی له‌نزیكه‌وه‌ به‌ چه‌ند پرسیارێك ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان به‌سه‌ركردووه‌. 

* سه‌ره‌تا بابزانین چۆن ئاشنای هونه‌ری گۆرانی وتن بوویت؟  
- ئاشنابوونم به‌ هونه‌ری گۆرانی بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ منداڵی و سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری له‌ ڕێگای ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا گوێم له‌ گۆرانیه‌ كوردیه‌كان ده‌بوو له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هۆگر و گوێگری ئه‌و هونه‌ره‌ بووم،به‌هۆی بوونی به‌هره‌ی ده‌نگ خۆشیم تێكه‌ڵ به‌ ئاوازو گۆرانی  بووم.

*كامه‌ن ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی كاریگه‌ریان له‌ سه‌رتۆدا هه‌بووه‌،یاخود به‌ده‌نگیان سه‌رسامیت؟
- گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد زۆرن كه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر من هه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌نگی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك جیاوازتر ده‌هاتنه‌ به‌رگوێم وه‌كو مامۆستایان حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ماملێ ، محه‌مه‌د عارف جه‌زیری، عه‌زیز شارۆخ ، كاوێس ئاغا...هتد  به‌رهه‌مه‌كانیان بوون به‌هه‌وێنی به‌هره‌یی هونه‌ریم. 

* له‌سه‌رچ بنه‌مایه‌ك تێكستی گۆرانییه‌كانت هه‌ڵده‌بژێریت؟
- ئه‌و گۆرانیانه‌ی تایبه‌تن به‌ خودی خۆم هه‌وڵم داوه‌ ئه‌و هۆنراوانه‌ هه‌ڵبژێرم كه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ سروشت و كه‌سایه‌تی من گونجاو بێت له‌ هه‌مان كاتدا گرنگه‌ هۆنراوه‌كان گوزارشت له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی كوردی بكه‌ن.


* تا چه‌ند كلیپكردن بۆ گۆرانیبژ گرنگه‌ ، ئاستی كلیپی گۆرانییه‌ كوردییه‌كان چۆن ده‌بینی؟
- بێگومان كلیپ كردن بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك  بۆ به‌ره‌و پێشچوونییه‌تی له‌ بواره‌كه‌دا گرنگه‌ به‌ڵام زۆر جاریش گوزه‌ران و باری دارایی كه‌سه‌كه‌ ده‌بێته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كاره‌ هونه‌رییه‌كان، بۆیه‌ كلیپ به‌ گرنگ ده‌زانم، ئاستی كلیپی گۆرانییه‌ كوردییه‌كان باشن به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو كلیپه‌كانیش باش بن. 


* به‌رێزتان زیاتر له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵاتییه‌كان به‌رهه‌مه‌كانت بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌متر له‌ تیڤییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون هۆكاره‌كه‌ی بۆ چی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

-له‌وانه‌یه‌ به‌شێكی ئه‌و وه‌ڵامه‌ لای كه‌ناڵه‌كان بێت، به‌شه‌كه‌ی تر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ ئه‌و شێوازه‌ كلیپ كردنه‌ی من كه‌ كردوومه‌ بۆ كاره‌كانم  و جگه‌ له‌خودی خۆم هیچ كه‌سێكی تر له‌ كلیپه‌كانم نمایش نه‌كراون و ناكرێن بۆنموونه‌ وه‌كو به‌شداری كردنی ئافره‌ت ڕه‌نگه‌ له‌ی زۆرێك له‌ كه‌ناڵه‌كان ئه‌وه‌ مه‌رجی سه‌ره‌كی بێت، به‌ داخه‌وه‌.


* ئایا مه‌رجه‌ گۆرانیبێژ ژه‌نیار بێت ؟
- به‌ڵێ زۆر گرنگه‌ گۆرانی بێژ ژه‌نیار بێت و سه‌ركه‌وتوانه‌تر ده‌توانێ كاره‌ هونه‌ریه‌كانی باشتر ئه‌نجام بدات، له‌ هه‌مان كاتدا هاوكارێكی باشی ژه‌نیاره‌كان ده‌بێت،چ له‌ كاتی تۆماركردنی گۆرانیه‌كان یاخود له‌ كاتی سازدانی كۆنسێرته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زیندوو.


* له‌ ئێستادا چه‌ندین فۆرمی گۆرانی هه‌ن بۆنموونه‌ وه‌ك( ڕاپ) چۆن ده‌ڕوانیت ئه‌م شێوازانه‌ به‌تایبه‌تی بۆ نێو كۆمه‌ڵگای كوردی؟
- به‌بۆ چوونی من " ڕاپ" جۆرێكه‌ له‌و شێوازه‌ هونه‌ری كه‌ نامۆیه‌ و جێگای نابێته‌وه‌ له‌ چوار چێوه‌ی مێژووی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی و شتێكی كاتییه‌ به‌ڵام هه‌ندێ له‌ گه‌نجه‌كان حه‌زی لێده‌كه‌ن.

* هیچ به‌رهه‌مێكی نوێت له‌ هه‌گبه‌دایه‌؟
- به‌ڵێ چه‌ند به‌رهه‌مێكی نوێم له‌به‌ر ده‌سته‌ و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م و به‌و هیوام ته‌مه‌ن ڕێگام پێبدات و ئه‌نجامیان بده‌م بیخه‌مه‌ به‌ر گوێی بیسه‌ران.

 ناوی هه‌ندێ له‌ گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند عزه‌دین شاهۆیی: گۆرانی "سیله‌ی چاو "هۆنراوه‌ی م. قادری علیخا   ئاوازی ناسری كه‌ریمی،گۆرانی "گه‌ڵای ته‌مه‌ن "هۆنراوه‌ی د. ژیلوان تاهیر ئاوازی عزه‌دین شاهۆیی ، گۆرانی" ئاوێنه‌ی ئه‌وین"هونراوه‌ی ؛م. قادری علیخا  ئاوازی عزه‌دین شاهۆیی ،گۆرانی" له‌ یادمی" هۆنراوه‌و ئاوازی كه‌مال یابه‌، گۆرانی "شه‌وی تاریك" هۆنراوه‌ی حوسێن شریف په‌ناهی ئاواز و وتنی عزه‌دین شاهۆیی ،گۆرانی "په‌ری شیعر" هۆنراوه‌ی حوسێن شه‌ریف په‌ناهی ئاواز و وتنی عزه‌دین شاهۆیی.

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.