شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بە فەرمی ژمارەی قوربانییان لە ئەنجامی بۆردومانەكەی شەوی رابردووی بارەگای حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل راگەیاند.
شانەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كاتژمێر 01:00ی شەوی رابردوو چەند تەقینەوەیەك لەناو سەربازگەی كالسوو كەوتەوە كە دەكەوێتە باكوری پارێزگای بابل و ئەندامانی پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی تێدایە.
راشیگەیاند: لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا ئەندامێكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژراوە و 8ی دیكەش بریندار بوون كە لەنێویاندا سەربازی عێراقی هەن.
هەروەها رایگەیاند: تیمەكانی بەرگریی شارستانی پارێزگای بابل هەرزوو توانیان ئاگری تەقینەوەكان كۆنتڕۆل بكەن و هاوكارییەكان بگەیەنن.
ئاماژەی بەوەش دا كە لیژنەیەكی هونەریی تایبەت لە بەرگریی شارستانی و تیمەكانی تر پێكهێنراوە بۆ دەرخستنی هۆكاری تەقینەوەكان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختیشی كردەوە كە بەگوێرەی بەیاننامەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا شەوی رابردوو هیچ چالاكییەكی ئاسمانییان لە پارێزگای بابل نەبووە، هەروەها فەرماندەیی هێزی بەرگریی ئاسمانیش دوای لێكۆڵینەوە و چاودێریكردن، جەختی كردۆتەوە كە لە كاتی تەقینەوەكاندا هیچ درۆن یاخود فڕۆكەیەك لە ئاسمانی پارێزگای بابل نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.